په‌ره‌سه‌ندنی زمانی زازایی
د. زلفی سه‌لجان(Dr. Zilfi Selcan)
كورتكردنه‌وه و وه‌رگێڕانه‌وه‌ی: هێدی
له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی 19 دا زۆر لێكۆڵینه‌وه‌ی زمان‌ناسی به‌ڕێوه چوون.
یه‌كه‌م جار له ساڵی 1856 دا پێتێر لێرش(Peter Lerch) له لایه‌ن ئاكادێمی
زانسته‌كانی ڕووسییه‌وه ڕا‌سپێردرا له زازایی بكۆڵێته‌وه. به‌رهه‌مه‌كه‌ی به
بێ شیكردنه‌وه‌یه‌كی ڕێزمانی له 58-1857 دا به ڕووسی و ئاڵمانی چاپ كرا.
فریدریش مولێر(Friedrich Mueller) له ساڵی 1864 دا تێكسته‌كانی "لێرش"ی
ده‌گه‌ڵ تێكستی دیكه پێكگرتن و ده‌ریخست كه زازایی زۆر كۆنه.
پاشان ئا‌لبێرت ڤۆن لێ كۆک(Albert von Le Coq) له زمان زازایه‌كی
نیشته‌جێی سورییه‌وه هێندێک تێكستی زازایی نووسینه‌وه و له ساڵی 1901 دا چاپی
كردن. ئه‌و به‌رهه‌مه‌ش هیچی له‌سه‌ر ڕێزمان تێدا نه‌بوو. كاتێک ئۆسكار
مان(Oskar Mann) له ساڵی 1906 دا له لایه‌ن ئاكادێمی زانسته‌كانی حوكومه‌تی
پڕۆیسه‌وه ڕا‌سپێردرا به مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له زمانه‌كانی ڕۆژئاوای ئێران
به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست سه‌فه‌ر بكا، له ماوه‌ی ئه‌و پێنج ساڵه دا كه
له‌وێ بوو هێندێک نموونه‌ی له زمانی زازاییش هه‌ڵگرتنه‌وه و خه‌ریكی
لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ڕێزمانه‌كه‌شی بوو.
پاش ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵ زازایی و
گۆرانی، كه له فارسی نوێ كه‌وتوونه‌وه، ئاشنا بوو، پێوه‌ندییه‌كانی، له باری
مێژووی زمانه‌وه، بۆ ڕوونتر بوونه‌وه. ئه‌وه‌ش ده نامه‌یه‌كیدا، كه له 4ی
یولی(جولای) 1906 دا بۆ ئاكادێمی زانسته‌كانی حوكومه‌تی پڕۆیسی نووسیوه،
ده‌رده‌بڕێ: "له سه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی ده‌پێشدا ده‌رمبڕیبوو سوورم و ده‌ڵێم
زازایی به هیچ چه‌شنێک كوردی نییه، ... ئه‌و هه‌مووه شێوه سه‌یره‌ی ده تێكسته
هه‌ره كۆنه‌كانی زاراوه‌ی باكووریی فارسیی نێوه‌ڕاست دا بۆ گه‌ردانكردن هه‌ن،
لێره ده زازایی دا ده‌یانبینمه‌وه."(1)
پاش ئه‌وه‌ی ئۆسكار مان
به‌و ئاكامه ده‌گا ده‌توانێ بنه‌مای زانستیی بۆ دابه‌شكردنی مێژوویی زمانه
ئێرانیییه‌كانی ڕۆژئاوا پێكبێنێ و دابه‌شیان بكا به‌سه‌ر ده‌سته‌ی باكووریی و
ده‌سته‌ی باشووریی دا.
ئێستا كه زازایی له مێژووی زمان دا جێیه‌كی
تایبه‌تیی هه‌یه، ده‌بێ له‌و دوو ئێرانناسه ئاڵمانییانه(ئۆسكار مان و كاڕڵ
هادانک)ی بزانین. كاتێک ئۆسكار مان له 1917 دا مرد، كاڕڵ هادانک(Karl Hadank)
ڕا‌سپێردرا به‌رهه‌مه‌كانی ئۆسكار مان به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ. به‌و پێیه هادانک
له ساڵی 1932 دا زۆر سه‌ركه‌وتوانه به‌رهه‌می "Mundarten der Zaza
(زاراوه‌كانی زازایی)" ی به ئه‌نجام گه‌یاند كه 398 لاپه‌ڕه‌یه و هه‌تا ئێستا
به‌رهه‌مێكی بێ وێنه‌یه. یه‌كه‌م ڕێزمانی زازاییش ده‌و به‌رهه دا بڵاو
بۆته‌وه.
هادانک له نووسراوه‌یه‌كیدا، له 12ی ئاپریلی 1932 دا، له سه‌ر
كاره‌كانی ئاكادێمی ده‌نووسێ: "به‌و به‌رهه‌مه زه‌حمه‌تترین كاری
كۆكراوه‌كان، كه 10 ساڵه خه‌ریكیانم، به باشی كۆتایی پێ دێ. بۆم ڕه‌خسا كه
ڕێزمانێک بۆ ئه‌و زمانه، كه زمانه‌كانی باكووری ڕۆژئاوای ئێران ده‌گرێته‌وه،
پێشكێش بكه‌م. هه‌تا ئێستا كه‌س خۆی به ڕێزمانی ئه‌و زمانه‌وه خه‌ریک
نه‌كردبوو. ده‌كرێ ئه‌و به‌رهه‌مه، كه ته‌رخانه به زازایی، به گرینگ‌ترین
به‌رهه‌می به‌شی سێهه‌می كۆكراوه‌كان دابندرێ."(2)
هادانک له 1932
دا به‌ره‌و سورییه و به‌غدا سه‌فه‌ر ده‌كا هه‌تا وێڕای كاره‌كانی دیكه‌ی
خه‌ریكی تۆماركردنی تێكستی زازاییش بێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و ئاره‌زوویه‌ی
له‌مه‌ڕ لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر زازاكان وه‌دینه‌هات و له به‌ر بێڕێزیی هاوڕێ
كورده‌كه‌ی(جه‌لاده‌ت به‌درخان) سه‌ری نه‌گرت. پاش ماوه‌یه‌ک هادانک ده نیازی
جه‌لاده‌ت به‌درخان گه‌یی و زانی به ته‌مای چییه. ده نووسراوه‌یه‌كیدا
ده‌نووسێ: " ئه‌میر[جه‌لاده‌ت به‌درخان] زازاكان به كورد ده‌زانێ و ده‌یه‌وێ
هه‌موویان بكوردێندرێن... حه‌ز ناكا ئه‌من وا به مه‌یله‌وه سه‌رنجی زازاكان
بده‌م."(3)
دوای ئه‌وه‌ی كه هه‌وڵی هادانک بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر
له‌سه‌ر زازاكان بێ ئاكام مایه‌وه، بێده‌نیگییه‌كی درێژخایه‌ن به سه‌ر ئه‌و
مه‌سه‌له‌یه دا زاڵ بوو، هه‌تا له ساڵی 1985 دا تێری لین تۆد(Terry Lynn
Todd) له زانستگه‌ی میشیگانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر زازایی به‌رهه‌مێكی بڵاو
كرده‌وه.
نووسه‌رانی كورد، سیاسه‌تمه‌داران و حیزبه كوردییه‌كان به هۆی
سیاسییه‌وه زازایی به زاراوه‌یه‌كی كوردی ده‌زانن. له باری مێژووی زمانه‌وه
جیایی زازایی و كوردی(كرمانجی و سۆرانی) له لایه‌ن هه‌موو ئێرانناسه‌كانه‌وه
سه‌لماوه و پشتیوانیی لێده‌كرێ. پێویسته زمانناسه‌كان له به‌رامبه‌ر
چاره‌نووسی سیاسیی گه‌له هه‌ڕه‌شه‌لێكراوه‌كان دا هه‌ست به به‌رپرسایه‌تیی
تایبه‌تیی خۆیان بكه‌ن و هات و هاواری سیاسی له‌سه‌ر زاراوه و لێكۆڵینه‌وه‌ی
زمان‌ناسی، كه بنه‌مای هه‌یه، به باشی لێک جیا بكه‌نه‌وه.
زازاكان كه
نیشته‌جێی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌نه‌دۆڵن، به پێی شوێنی ژیانیان خۆیان به چه‌ند نێوی
جیاواز ده‌ناسێنن: زازا، كرمانج، دملی، گینی. به‌ڵام به گشتی هه‌ر به نێوی
زازا ناسراون. بۆخۆشیان به زمانه‌كه‌یان ده‌ڵێن "زازاكی" كه نیزیكه‌ی 3
میلیۆن قسه‌ی پێ ده‌كه‌ن. ئێرانناسی ئاڵمانی فریدریش كاڕڵ
ئاندرێئاس(Friedrich Carl Andreas) پێیوایه نێوی "دملی" له نێوی "ده‌یله‌می"
سه‌رچاوه ده‌گرێ و زازاكان هه‌ر پاشماوه‌ی ده‌یله‌مییه‌كانن. ده‌یله‌مییه‌كان
گه‌لێک بوون له لێواری باشووریی ده‌ریای خه‌زه‌ر و ڕۆژئاوای خۆراسان و
گورگان.[به گوێره‌ی فه‌رهه‌نگی موعین، به‌رگی 5، ده‌یله‌م هۆزێكی ئێرانیی
نیشته‌جێی ده‌یله‌مستان بووه. ده‌یله‌مستان یان ده‌یله‌مان له كۆن دا به
سه‌رانسه‌ری گیلان گوتراوه.- وه‌رگێڕ-].
ئه‌و زمانانه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی
مێژوویی هاوبه‌شیان هه‌یه و وه‌ک یه‌ک ده‌چن خێزانێک یان ده‌سته‌یه‌كی زمان
پێكدێنن. ئه‌وه‌ی كه دوو زمانی هاوچه‌شن زمانی سه‌ربه‌خۆن یان زاراوه‌ی
زمانێكی هاوبه‌ش پێكدێنن، له زمانناسیی دا به پێی دوو بنه‌ما بڕیاریان له
سه‌ر ده‌درێ:
1. ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌رانی دوو زمان له یه‌كتر تێنه‌گه‌ن، ئه‌وه
ده‌بێ زمانه‌كه‌یان به دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ دابنێین.
2. ئه‌گه‌ر
بنه‌ماكانی ڕێزمانیی دوو زمان، له باری فۆنۆلۆژی، مۆرفۆلۆژی و وشه‌وه زۆر
جیاواز بن و په‌ره‌سه‌ندنی مێژووییشیان جیاواز بێ، ئه‌وده‌م ئه‌و دوو زمانه
به دوو زمانی سه‌ربه‌خۆ
داده‌ندرێن.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
(1):
O. Mann, Nachlass in der Staatsbibliothek Berlin(W), Brief aus Siverege
vom 4. Juli 1906
(2): BBAW(Berlin-Brandenburgische Akademie der
Wissenschaften), Akademiearchiv, Histor. Abt. II-VIII-200: Berichte ueber
die wissenschaftlichen Unternehmungen der Akademie, 12. April
1932
(3): K. Hadank, Nachlass, Staatsbibliotthek Berlin(W), H4,
1, Seite I
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
سه‌رچاوه:
وتاری Die Entwicklung der Zaza-Sprache (په‌ره‌سه‌ندنی زمانی زازایی)،
نووسینی دوكتور زلفی سه‌لجان(Dr. Zilfi Selcan)- ئه‌م وتاره له 17.9.1997 دا
به ئاڵمانیی، بۆ سێمینارێک، نووسراوه و نووسه‌ر له 2.2.2002 دا به مه‌به‌ستی
بڵاوكردنه‌وه پێیدا هاتۆته‌وه. سه‌رجه‌می وتاره‌كه به ئاڵمانیی له سه‌ر ئه‌و
ماڵپه‌ڕه داندراوه: http://www.zazaki.de